بۆ ڕای گشتی و کرێکاران
لە کانتۆنی شەهیدان، شاری خۆڕاگری، لە کۆبانیەوە، سڵاو بۆ هەموو کڕێکارانی جیهان
یەکی ئایار ڕۆژی ڕیزگرتن لە تێکۆشان و خۆڕاگری لە بەرانبەر زۆڵم و ژێردەستەیی لە سەر کرێکارانە هاوڕێانی کرێکار! ڕێکخراوەکان! و یەکیەتییە کرێکارییەکان! سڵاوی گەرم و گۆڕی ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشانی کانتۆنی کۆبانی، شاری خۆڕاگری شۆڕشگێڕانە، لە یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار، ڕۆژی ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگری کڕێکاران لە بەرانبەر زۆڵم و سەرکوت و چەوسانەوەدا، قەبوڵ کەن. شۆڕشی گەلانی ڕۆژئاوا، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژویی لە خەباتی کرێکاران و زوڵم لێکراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و شۆڕشێ ژنان، لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ بنیات نانەوەی نیزامێکی نوێ لە سەر بناغەی دانی دەسەڵات بە جەماوەری خەڵک وەکوو خاوەنانی ڕاستەقینە بوو. هەروەها کە خۆڕاگری کۆبانی لە بەرانبەر تێرۆریستەکانی داعش و پشتیوانە نێونەتەوەییەکانی ئەو گروپە، نە تەنیا خۆڕاگری ئێمە بۆ ڕاگرتنی کەرامەت و ژیانی شیاوی ئینسانی خەڵکی خۆمان، کە لە هەمانکاتدا خۆڕاگری زەحمەتکێشان بۆ ڕاگرتنی دەسکەوتەکانی شۆڕش و سیستمی خۆبەڕێوەبەرێتی دێمۆکراتیکە کە لە سەر ئەساسی نەهێشتنی ناوەندەکانی دەسەڵات خواز و لە سەر بنەمای دێمۆکراسی ڕادیکاڵ بەرپا بووە.
ئێستاکە بە بۆنەی شەڕی قارەمانانەی هەڤاڵانی ئێمە لە یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن، تێرۆریستەکان لە شار دەر کراون بەڵام هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی دەوروبەری شار و داخستن و بەستنی جادە و ڕێگاکانی کانتۆن هێشتا بەردەوامە. ئێستا خۆڕاگری ئێمە پێ ناوەتە بوارێکی دژوارترەوە و ئەویش بواری گەراندنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە ژێر زەختی هێرشەکان و گەمارۆی ئابوری و لۆجێستیکی، بۆ کۆبانیە کە بە هۆی هێرشی بەردەوامی تێرۆریستەکان زیاتر لە هەشتا لە سەدی ماڵ، بینا و ژێرخانی ژیانی ئەو شارە بونەتە وێرانە و کاول بوون.
مێژووی خەباتی کرێکاران و زوڵم لێکراوان ئەوەمان نیشان دەدات کە یەکگرتوویی و هاوپشتی کرێکاران سنورە جوغرافییەکان بە ڕەسمی ناناسێت و ئێمە خۆڕاگری و بەرپەرچ دانەوەی خۆمان لە بەرانبەر تێرۆریسمی هەوسار پچڕاو و پشتیوانە نێونەتەوەییەکانی بە نوێنەرایەتی لە لایەن هەموو مرۆڤەکانی دونیا دەزانین. ئێمە لە سەر ئەو باوەڕەین هەرواکە شۆڕش، وەکوو تێک و پێک دانی بناغەی دەسەڵات و دامەزراندنی دونیاێکی نوێی گرێدراوی حورمەت و ئازادی و بەرابەری ئینسانەکان، بابەتێکی پراتیکی و بە کردەوەیە و پێویستی بە خەبات و خۆڕاگری سەرسەختانە و کۆڵنەدەرانەیە، هاوپشتی جیهانی کرێکارانیش زەرورەتێکی مێژویی و بوارێکی مادی بۆ چالاکی و کردەوەیە بۆ بەرگری لە دەسکەوتە چینایەتییەکان و خەباتی شانبەشان لە بەرانبەر دەسەڵات و سەرکوتی سەرمایەداریە. ئێمە کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەرێوەبەرێتی کانتۆنی دێمۆکراتیکی کۆبانی، وێڕای ڕێزگرتن لە خەباتی ئازادیخوازانە و بەرابەری خوازانەی زوڵم لێکراوان و چەوساوەکانی جیهان، وە هەروەها ڕێزگرتن لە پشتگیری و ڕاگەیاندنی پشتیوانی ئێوە لە گەڵ خۆڕاگری کۆبانی لە بەرانبەر هێرشی تێرۆریستەکاندا، بانگەوازی هەڤاڵانی کڕێکار، ڕێکخراوەکان، سەندیکا و یەکیەتیە کرێکارییەکان دەکەین کە لەم بوارە مێژووییە تایبەتییەدا، بە هاتنە مەیدانی بواری پراتیکی یەکگرتوویی لە گەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا و خۆڕاگری کۆبانی، لە ڕاگرتن و پارێزگاری لە دەسکەوتە مێژووییەکانی شۆڕشدا هاوڕێمان بن.
!بژی خەباتی ئازادیخوازانە گەلانی جیهان
! بژی هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکارانی جیهان
بەڕیوەبەرایەتی کانتۆنی کۆبانی